عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا هانا بۆ قەتەر دەبات

حکوومەتی عێراق بۆ دابینکردنی کارەبای بۆ هاووڵاتیانی، هانا بۆ قەتەر دەبات. حکوومەتی عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان، گازی سروشتی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکڕی و لە مانگی رابردووشدا ئەو وڵاتە ناردنی گازی سروشتی بۆ عێراق، راگرت. عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق لە سەردانێکدا بۆ قەتەر، لەگەڵ سەعد شرێدە، وەزیری نەوت و وزەی قەتەری کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ناردنی گازی سروشتی لەقەتەرەوە بۆ عێراق بە مەبەستی بەکارهێنانی لە بەرهەمهێنانی کارەبا، کراوە. هاوردەکردنی گازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق لە کاتێک دایە، کە عێراق یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنەری نەوت و یەدەگێکی زۆری گازی سروشتیشی هەیە.