پۆلیسی دارستانی سلێمانی سێ كه‌سی له‌سه‌ر ڕاوكردنی سێ ڕیشۆڵه‌ ده‌ستگیر كرد

 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی ژینگه‌ و دارستانی پارێزگای سلێمانی، ڕایگه‌یاند لە سنووری ناحیەی تەکیە، سێ ڕاوچی دەستگیر کران، به‌و هۆیه‌ی سێ ڕیشۆڵه‌یان ڕاو كردبوو. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14/2/2022، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی ژینگه‌ و دارستانی پارێزگای سلێمانی، ڕایگه‌یاند: بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، مەفرەزەیەك لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی تەکیە، هەستان بە گەڕان و پشکنینی سنووری چالاکییەکانیان ، لە ئەنجامدا توانییان لە سنووری گوندی کوچك نەخشینە، سێ ڕاوچی دەستگیر بکەن، کە هەستابوون بە ڕاوکردنی سێ باڵندەی ڕیشۆڵە. ئاماژه‌ به‌وه‌ش كرا، دەستیش گیرا بەسەر یه‌ك تاپڕ و پێنج  فیشەکی تاپڕ. ئاماژه‌ به‌وه‌ش كرا: پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.