گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی باسی هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەکەن، ”بێئەخلاقن“. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (رووسیا ئەلیەوم)، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە: ئەمریکا دەنگۆی ناڕاست بڵاو دەکاتەوە و باس لەوە دەکات، رۆژی 15-2-2022 (ئەمڕۆ) رووسیا هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا. ماریا زاخارۆڤا رەتی کردووەتەوە سوپای وڵاتەکەی هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا و رایگەیاندووە: ”ئەو هێزانە لەسەر خاکی خۆمان جووڵەیان پێکراوە“. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پێیوایە تەنیا ئەو کەسانەی ”شێت و بێئەخلاقن“ دەنگۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بڵاو دەکەنەوە و ئەمریکا بۆ بەرژەوەندیی ئابووریی خۆی باس لەوە دەکات کە رووسیا هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا.