دژە تیرۆرى کوردستان کەسێکى فێڵباز دەستگیر دەکات

لە سنوورى پارێزگاى دهۆک کەسێکی فێڵباز لەلایەن تیمەکانی دژەتیرۆرەوە دەستگیرکرا و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش راگەیاندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە. ئەمشەو پێنجشەممە 17/2022، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “لەدواى وەرگرتنى زانیارى، کەسێك لە سنوورى پارێزگاى دهۆك هەستاوە بە فێڵکردن و هەڵخەڵەتاندنى هاووڵاتییان بە مەبەستى دەستکەوتی دارایى لە رێگەى خۆناساندن و خۆدەرخستن وەك کەسێکى تر (انتحال الشخصیة)، ئەم کارەشی لە رێگەى بەکارهێنانى بەرنامەیەکى تایبەتى مۆبایلى زیرەك ئەنجام داوە”. ئەوەش خراوەتە روو: “بۆ ئەم مەبەستە، لەلایەن تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی دژەتیرۆرى کوردستانەوە، زانیارى لەسەر تۆمەتبار کۆ کرایەوە و دەرکەوت ناوى (ر. ع. ا. ح)ە، لە رێکەوتى 9/2/2022 لەسەر بڕیارى دادوەرى لێکۆڵینەوە دەستگیر کرا”. هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە: “لە دەرئەنجامى لێکۆڵینەوەکان، تۆمەتبار دانى بە تاوانەکانیدا ناوە. پەڕاوى لێکۆڵینەوەى بۆ کراوەتەوە بەپێى بڕیارى 160 ساڵى 1983 بە مەبەستى وەرگرتنى سزاى یاسایى”.