وەزارەتی ناوخۆی توركیا بڕیارێک لەبارەی نیشتەجێبوونی ئاوارە سوورییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا، دەردەکات. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (حورییەت)ی توركی، لەمەودوا هیچ ئاوارەیەكی سووری لە تورکیا ناتوانێ لە شارێكەوە بچێتە شارێكی دیکە جێگیر بێت، چونكە نایانەوێت رێژەی ئاوارەی سوورییەکان لە هیچ شارێكی تورکیا بەرز بێتەوە و لە 25%ـی ژمارەی دانیشتوان تێپەڕێت. وەزارەتی ناوخۆی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە تەواوی توركیادا سێ ملیۆن و 700 هەزار ئاوارەی سووری هەن و زۆرترینیشیان لە ئیستەنبوڵ جێگیر بوون. لە شارەکانی باكووری كوردستان بە تایبەت روحا (ئورفە)، مێردین و وان، ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی سووری هەن و بڕیاری رێگەنەدان بە جێگۆڕکێی ئاوارە سوورییەکان، لە باکووری کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت. یەكێك لە مەترسییەكان لە باكووری كوردستان بریتی بوو لە جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی عەرەبی سووری کە مەترسیان لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای باکووری کوردستان دروست کردووە. بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریاوە کە لە مانگی ئاداری 2011 لە نێون گرووپە چەکدارییەکان و رژیمی سووریا دروست بووە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی رۆژئاوای کوردستان و سووریا ئاوارەی وڵاتان بوون.
نیشتەجێبوونی ئاوارە سوورییەکان لە کوردستان و تورکیا رێک دەخرێتەوە
