وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی هەژاری لە وڵاتەکەیدا ئاشکرا دەکات و دەردەکەوێت لە پارێزگایەکی عێراق رێژەکە گەیشتووەتە 52%ـی دانیشتوان. عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە: لە ساڵی 2007ـەوە دەستیان بە تۆمارکردنی رێژەی هەژار کردووە و لە ساڵەکاندا بەهۆکاری جیاجیا، رێژەکە بەرزبووەتەوە و دابەزیوە. عەبدولزەهرە هینداوی رێژەی هەژاری لە ساڵەکان ئاشکرا کردووە: – 2007، رێژەی هەژاری 22.5% بوو. – 2013، رێژەی هەژاری 18% بوو. – 2018، رێژەی هەژاری 22.5% بوو. – 2019، رێژەی هەژاری 20% بوو. – 2020، رێژەی هەژاری 31.7% بوو. – 2021، رێژەی هەژاری 25% بوو. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی هەژاری لەمساڵ (2022)دا لە وڵاتەکەی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە: ”ئێستا رێژەی هەژاری لە عێراق لە نێوان 23% و 25%ـە“. عەبدولزەهرە هینداوی رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا کردووە کە کەمترین ئاستی تۆمارکراوە لە عێراق و ئەمساڵ گەیشتووەتە 12%. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەش کردووە، رێژەکە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق گۆڕانکاری بەسەر دێت بەم شێوەیە: – رێژەی هەژاری لە پارێزگا رزگارکراوەکان لە تیرۆر (عەرەبی سوننە) گەیشتووەتە 41%. – رێژەی هەژاری لە باشووری عێراق گەیشتووەتە 32%. – رێژەی هەژاری لە ناوەڕاستی عێراق گەیشتووەتە 18%. – رێژەی هەژاری لە پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق گەیشتووەتە 52%. – رێژەی هەژاری لە پارێزگای دیوانییە باشووری عێراق گەیشتووەتە 49%. – رێژەی هەژاری لە بەغدای پایتەختی عێراق گەیشتووەتە 12%.