فڕۆکەوانە مانگرتووەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێکردن، دەخەنە روو. ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-2-2022، فڕۆکەوانەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق دەستیان بە مانگرتن لە کارەکەیان کرد و گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵەکەیان وەستاند. فڕۆکەوانە مانگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا، داواکارییەکانیان خسووەتە روو و رایانگەیاندووە: مانگرتنەکە ”تاوەکوو داواکارییەکان جێبەجێ دەکرێن“، بەردەوام دەبێت. داواکارییەکانی فڕۆکەوانە مانگرتووەکان: – جیاکردنەوەی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە وەزارەتی گواستنەوە و دروستکردنی دەستەیەکی سەربەخۆی فڕۆکەوانی کە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بێت. – دەرکردنی نووسراوی فەرمی لەلایەن ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران کە تێیدا هێڵی ئاسمانیی عێراق وەک هێڵی ئاسمانیی فەرمیی عێراق بناسێنرێت و هێڵەکانی دیکە وەک هێڵی لۆکاڵی بناسرێن. – دەسەڵاتی تەواو بە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق و ئەنجوومەنی ئیدارەکەی، بدرێت. – پێداچوونەوە بە هەموو گرێبەستەکان لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراق بەشێوەیەک بخرێنە بەرژەوەندیی هێڵی ئاسمانیی عێراق. – لادانی بەڕێوەبەرانی یاسایی، بازرگانی، دارایی، گرێبەستەکان و وردبینیی هێڵی ئاسمانیی عێراق کە بوونەتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی. – گەڕاندنەوەی مافە تایبەتەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق. – گەڕاندنەوەی قەرزەکان بۆ کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق کە زیاتر لە 63 ملیۆن دۆلار دەبێت. – خەرجکردنی شایستە داراییەکانی فڕۆکەوانەکان لە ساڵی 2018ـەوە تاوەکوو 2021. – گەرەنتیی یاسایی دەست نەبردن بۆ شایستە داراییەکانی فڕۆکەوانەکان. – هەڵوەشاندنەوەی رێنوێنییەکانی وەزارەتی گواستنەوە بۆ هێڵی ئاسمانیی عێراق کە لە رۆژی 6-10-2021 دەرچوون.
فڕۆکەوانە مانگرتووەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق داواکارییەکانیان دەخەنە روو
