بزوتنەوەی ئیمتیداد: دەترسین لێخۆشبوونەكەی سەركۆمار مامەڵەی سیاسی لەپشتەوە بووبێت

ئەمڕۆ یەكشەممە بزوتنەوەی ئیمتیداد بەتوندی رەخنەی لە لێخۆشبوونە تایبەتەكەی سەركۆماری ماوەبەسەرچووی عێراق گرت بۆ بازرگانێكی مادەی هۆشبەر و رای گەیاند دەترسن ئەم لێخۆشبوونە بۆ مامەڵەی سیاسی ئەنجام درابێت. بزوتنەوەی ئیمتیداد لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە كە هێشتا خوێنی دادوەر ئەحمەد فەیسەڵی قوربانیی دەستی مافیاكانی مادەی هۆشبەر وشك نەبووە، دەبینن سەركۆماری بەناو پارێزەری دەستوور، لێخۆشبوونی تایبەتی بۆ یەكێك لە بازرگانانی مادەی هۆشبەر دەركردووە. بزوتنەوەی ئیمتیداد ئەم بڕیارەی بەرهەم ساڵح سەركۆماری ماوەبەسەرچوو سەركۆنە دەكات و دەشڵێ مەترسییان هەیە لەوەی بڕیارەكە ڕێككەوتنی سیاسی لەپشتەوە بووبێت، ئاماژەشی داوە كە دەبوایە سەركۆمار ئەو دەسەڵاتەی بۆ ئازادكردنی یەكێك لە گیراوانی شۆڕشی مەزنی تشرین بەكارهێنابا، كە بەبڕیاری زۆردارانە و نادادوەرانەوە خراونەتە زیندانەوە. لە كۆتاییشدا رای دەگەیەنێ كە ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی ئەم لێخۆشبوونەی سەركۆمار دەگرنەبەر. جێی باسە دوێنێ شەممە چەند بەڵگەیەك ئاشكرا بوون كە تێیدا دەردەكەوێت بەرهەم ساڵح سەركۆماری ماوەبەسەرچووی عێراق بڕیاری لێخۆشبوونی تایبەتی بۆ كوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەف دەركردووە كە بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان بە بەندكردنی هەتا هەتایی سزا دراوە، بەم هۆیەشەوە كاردانەوەیەكی بەربڵاو لە ئاستی عێراق ڕووی دا. جەواد لوئەی جەواد بە مەرسومێکی سەرۆکایەتیی عێراق و بە واژۆی بەرهەم ساڵح سەرکۆماری ماوەبەسەرچووی عێراق، بڕیاری لێخۆشبوونی تایبەتی بۆ دەرچووە و ئازاد کراوە.