دەستووری هەمیشەیی عێراق کە لە ساڵی 2005 هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەسەندیان کرد، مەرج و دەسەڵاتەکانی سەرکۆماری دیاری کردووە. لە ماددەی 67ـی دەستووردا هاتووە، سەرکۆمار رەمزی یەکگرتوویی و سەروەریی دەوڵەت و پارێزەری جێبەجێکردنی دەستوورە. بەپێی ماددەی 68ـی دەستوور، پێویستە بەربژێری سەرکۆمار چەند مەرجێکی تێدا هەبێت کە بریتین لە: یەکەم/ لە دایک و باوکێکی عێراقی لەدایک بووبێت. دووەم/ تەمەنی لە سەروو 40 ساڵییەوە بێت. سێیەم/ خاوەن ناوبانگێکی باش و ئەزموونی سیاسی بێت. شاهێدیی پاکی، خۆڕاگری، دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ وڵات بۆ بدرێت. چوارەم/ بە تاوانێکی ئابڕووبەر سزا نەدرابێت. لە ماددەی 70ـی دەستووردا، رێوشوێەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆمار دیاری کراون، کە بریتین لە: یەکەم/ سەرکۆمار بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت. دووەم/ ئەگەر هیچ کامێک لە بەربژێرەکان دوو لەسەر سێی دەنگەکانیان بەدەست نەهێنا، هەڵبژاردنی دووەم لە نێوان دوو بەربژێری براوە دەکرێت و ئەو بەربژێرەی زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا، دەبێتە سەرکۆمار. دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار لە ماددەی 73ـی دەستووردا دیاری کراون کە بریتین لە: یەکەم/ بە راسپاردەی سەرۆک وەزیران، مافی لێبووردنی تایبەتی هەیە بە مەرجی ئەوەی لێبوردنەکە ئەو کەسانە نەگرێتەوە: – ئەوەی پەیوەندیی بە مافی تایبەت هەبێت – سزادراوەکان بە تاوانی نێودەوڵەتی (ماددە هۆشبەرەکان بۆ نموونە) – سزادراوەکان بە تاوانی تیرۆر – سزادراوەکان بە تاوانی گەندەڵی و دارایی دووەم/ دوای پەسەندکردنی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، سەرکۆمار رەزامەندیان لەسەر دەردەبڕێت و ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕی، بە رەزامەندی دەربڕین لەسەر رێککەوتنەکە دادەنرێت. سێیەم/ رەزامەندی لەسەر یاسا پەسەندکراوەکان لە پەرلەمان دەدات و ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕی، بە رەزامەندی دەربڕین لەسەر رێککەوتنەکە دادەنرێت. چوارەم/ داوا لە ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمان دەکات لە ماوەی 15 رۆژدا دوای پەسەندکردنی ئەندامەکانی هەڵبژاردن، کۆ ببێتەوە. پێنجەم/ پێدانی نیشان و میدالیای عێراق دوای راسپاردەی سەرۆک وەزیران. شەشەم/ قبووڵکردنی باڵوێزانی وڵاتان لە بەغدا. حەفتەم/ دەرکردنی مەرسوومی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق. – هەشتەم/ پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان کە دادگا تایبەتەکان دەری دەکەن. – نۆیەم/ ئەرکی فەرماندەیی باڵای هیزە چەکدارەکان بۆ مەبەستی تەشریفاتی و ئاهەنگەکان بەڕێوە دەبات. دەیەم/ جێبەجێکردنی هەر دەسەڵاتێک کە دەستوور پێیدەدات.