سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵی راگرتنی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا دەدات

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە مەبەستی راگرتنی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆ دەبێتەوە و بە تەلەفۆن پەیوەندی بە سەرۆکی ئۆکرایناوە دەکات. گوتەبێژی نەفتالی بینیت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە: بینیت لە کۆشکی کرملین (کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا) بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا کۆ بووەتەوە. دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، نەفتالی بینیت سەردانی ئەڵمانیای کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆلاڤ شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و دواتریش بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناوە کردووە. ئەو کۆبوونەوە و پەیوەندییانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە بەپێی زانیارییە میدیاییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا رێکخراون، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ووسیا و ئۆکراینا. کۆشکی ئێلیزی (کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: نەفتالی بینیت بەر لە سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کردووە. بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئەو هەوڵەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ راگرتنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لەسەر داوای ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی بووە، هەرچەندە بەڕای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی، هەوڵەکان بەئامانج ناگەن. رۆژی 24-2-2022، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، بڕیاری دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی لە دژی ئۆکراینا دا و شەڕ دەستی پێکرد و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.