دەنگۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک هاووڵاتیی عێراقی لە ئۆکراینا بڵاو دەبێتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، بەدواداچوون دەکەن. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ماڵپەڕی (RT)ی رووسی راگەیاندووە: تاوەکوو ئێستا بە فەرمی هەواڵی دەستگیرکردنی ژمارەیەک هاووڵاتیی وڵاتەکەیان لە ئۆکراینا، پێنەگەیشتووە. بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، نۆ هاووڵاتیی عێراقی لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئۆکرایناوە، لە شاری سومیی ئەو وڵاتە، دەستگیر کراون. ئەحمەد سەحاف هەروەها رایگەیاندووە: لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا و باڵوێزخانەی عێراق لە کیێڤ هاتوونەتە سەر خەت و بەدواداچوون بۆ راستیی ئەو هەواڵانە دەکەن. رۆژی 24-2-2022، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بڕیاری دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی لە دژی ئۆکراینا دا و شەڕ دەستی پێکرد و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.