كەركووك.. هێزێك هەڵیانكوتایە سەر چەند ماڵێکی گەڕەكێكی كوردنشین و داوای چۆڵكردنی خانووەكانیان لێ دەكەن

ئەمڕۆ دووشەممە 7ی3ی2022، هێزە ئەمنییەكانی كەركووك هەڵیانكوتایە سەر گەڕەكی كوردستانی شارەكە و داوای چۆڵكردنی ژمارەیەك ماڵی ئەو گەڕەكە دەكەن و ئەفسەرێكی پۆلیسیش زانیاری دەخاتە ڕوو. لەم بارەوە، موقەدەم زەید عادل، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی عەرەفە كە گەڕەكی كوردستانیش دەكەوێتە كەرتی بنكەی پۆلیسی عەرەفە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە سكاڵا لەسەر ماڵەكانی گەڕەكی كوردستان (فەیلەق) تۆمار كراوە لەسەر ئەوەی موڵكیەتی ئەو شوێنە بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق دەگەڕێتەوە، بۆیە فەرمانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەك كەس لەو گەڕەكە دەرچووە كە خانووەكانیان چۆڵ ناكەن”. گوتیشی: “وەك قۆناغی یەكەم ئەمڕۆ دووشەممە هەوڵدرا 40 خێزان لەناو ئەو خانووانە دەربكەن و ئێمەش ئەو خێزانانەمان تێگەیاند لەسەر ئەوەی كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە و ئێمەش دەمانەوێ ئەو كێشەیە لە رێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە چارەسەر بكرێ و تا فەرمانی دەستگركردنەكانیان هەڵبوەشێتەوە”. سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ (باسنیوز) رایگەیاند کە دوای ئەوەی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك و هێزە سەپێندراوەکانی تر چەند جارێك هەوڵیاندا خێزانەكانی گەڕەكی كوردستان (فەیلەق)ی شاری كەركووك دەربكەن و نەیانتوانی، ئەمجارەیان لە رێگەی وەزارەتی بەرگری عێراقەوە دەیانەوێت دەریان بكەن. دانیشتوانی گەڕەكی كوردستانی شاری كەركووك زیاتر لەو ئاوارە كەركووكییانە پێكهاتوون کە کاتی خۆی بەعس بە زۆرەملێ لە شارەكەی خۆیان دەریانیان كرد و پاشان لە دوای ساڵی 2003ەوە گەڕانەوە شارەكەی خۆیان و لەبەر بێ جێگە و ڕێگە لەو شوێنە جێگیربوون و ئیدارەی ئەو كاتەی كەركووك چەند خزمەتگوزارییەكی لە گەڕەكەش جێبەجێكرد و هەروەها تاوەكوو پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەش هیچ كێشەیەكیان بۆ دروست نەدەكرا.