سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی دوو ئەفسەری خۆی لە سووریا ڕاگەیاند

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی دواین بۆردومانی ئاسمانییەوە کە دەگوترێت لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سووریا کراوە، دوو ئەفسەری سوپای پاسداران بە پلەی نەقیب بە ناوەکانی ئێحسان کەربەلایی‌پوور و موڕتەزا سەعیدنەژاد کوژراون. ڕاگەیاندنەکانی ئێران بە ناوی ”پارێزەرانی حەرەم”ـەوە هەواڵی کوژرانی ئەو دوو ئەفسەرەیان بڵاو کردووەتەوە، بەڵام سوپای پاسداران لە ڕاگەیانراوێکی خۆیدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو دوو ئەفسەرە نەقیبی سوپای پاسداران بوون و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە  7/3/2022لە سنووری دیمەشق، پایتەختی سووریا، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە کوژراون. ڕۆژی دووشەممە  7/3/2022ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە لە دواین هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل بۆ سەر سووریادا چەند خاڵێکی سنووری دیمەشق کراونەتە ئامانج. هەر لەم بارەیەوە هەواڵدەریی حکوومەتی سووریا (سانا) بەبێ ئەوەی ئاشکرای بکات ئامانجەکان کوێ و چی بوون، ڕایگەیاندووە کە لە بۆردومانی سنووری دیمەشقدا دوو کەس کوژراون و زیانی ماڵییشی لێ کەوتووەتەوە. ئەو هێرشەی ڕۆژی دووشەممەی ئێسرائیل بۆ سەر سووریا کە ڕۆژی دووشەممە  7/3/2022 کراوە، سێیەمین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ماوەی دوازدە ڕۆژدا بوو.