پەرلەمانی ئیسرائیل داوایەکی سەرۆکی ئۆکراینا رەت دەکاتەوە

پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) داواکارییەکی سەرۆکی ئۆکراینا بۆ پێشکەشکردنی وتارێک، رەت دەکاتەوە. رۆژی چوارشەممە 9-3-2022، یەڤگینی کۆرنیشۆک، باڵوێزی ئۆکراینا لە ئیسرائیل داواکاریی ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ پێشکەشکردنی وتارێک لە کنێست گەیاندە سەرۆکایەتیی کنێست. بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، میکی لیڤی، سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل داواکارییەکەی ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە: داوااکارییەکە لەدواڕۆژی کارەکانی خولی زستانی کنێست گەیشتووە کە ئەندامانی کنێست دوای ئەو رۆژە ماوەی دوو مانگ پشوو وەردەگرن. سەرۆکی ئۆکراینا داوای کردبوو رێگەی بدرێ لە رێگەی ڤیدیۆوە وتارێک لەبەردەم ئەندامانی کنێست پێشکەش بکات و تێیدا باسی هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی، بکات. ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی کە جوێکی ئۆکراینییە، لە ساڵی 1978 لەدایک بووە. لە ساڵی 2019ـەوە سەرۆکایەتیی ئۆکراینا دەکات. سوپای رووسیا لە رۆژی 24-2-2022ـەوە بە بڕیاری ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی وڵاتەکەی، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی ئۆکراینا دەست پێکردووە و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.