تەندروستیی جیهانی ئامۆژگاریی ئۆكراینا دەكات ڤایرۆسە مەترسیدارەكانی تاقیگەكان لەناو ببات

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاند، كە ئامۆژگاریی ئۆكراینایان كردووە، ڤایرۆسە ترسناكەكانی ناو تاقیگەكانی لەناو ببات، بۆ ئەوەی رێگری بكات لە ئەگەری چوونەدەر و بڵاوبوونەوەیان، كە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو خەڵك. رێكخراوەكە لە نامەیەكیدا بۆ ئاژانسی (رۆیتەز) نووسیویەتی، ئەوان چەندین ساڵ هاوكاریی تاقیگەكانی تەندروستیی گشتیی ئۆكراینایان كردووە، بۆ بەهێزكردنی رێوشوێنی ئەمنی، بۆ رێگریكردن لە دزەكردن و چوونەدەری ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارانەی دەبنە هۆكاری نەخۆشی. رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەشڵێ: “وەك بەشێك لەو رێوشوێنانە، وەزارەتی تەندروستیی ئۆكراینا و دامەزراوەكانی دیكەی پەیوەست بەو بابەتەمان بەتوندی ئاگادار كردووەتەوە و ئامۆژگاریمان كردوون، كە هەموو ئەو هۆكار و ڤایرۆسە زۆر مەترسیدارانەی نەخۆشی لەناو ببەن، بۆ رێگریكردن لە هەر ئەگەرێكی بڵاوبوونەوە و نەخۆشكەوتنی خەڵك”. رێكخراوی تەندروستیی جیهانی وردەكاریی سەبارەت بە جۆری ئەو هۆكارانەی نەخۆشی، یان ئەو ڤایرۆس و ژەهرانەی لەناو تاقیگەكانی ئۆكراینادا نەكردووە، هەروەها ئاژانسەكە ئەوەشی وەڵام نەداوەتەوە، كە ئایا ئامۆژگارییەكان جێبەجێ كراون یان نا. لە ئۆكراینا چەندین تاقیگەی تەندروستیی گشت هەن، كە توێژینەوە لەسەر هەڕەشەی نەخۆشییە مەترسیدارەكان دەكەن، كە تووشی مرۆڤ و گیانلەبەران دێت، لەناویاندا ڤایرۆسی كۆڤید- 19، لەوبارەوە، تاقیگەكانی ئۆكراینا یارمەتی و هاوكارییان لە ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا و رێكخراوی تەندورستیی جیهانی وەرگرتووە. ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، نێردەی رووسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای كرد، لە دانیشتنی رۆژی هەینی گفتوگۆ سەبارەت بە چالاكیی بایۆلۆجیی ئەمریكا لەسەر خاكی ئۆكراینادا بكرێت. وەزارەتی بەرگریی رووسیا بەردەوامە لەسەر كاركردن لەسەر لێكدانەوە و شیكردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی، كە كارگوزارانی تاقیگەكانی بایۆلۆجیی ئۆكراینا سەبارەت بە چالاكییە بایۆلۆجییەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی ئۆكراینا پێیان داون. ماریا زاخرۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لەمبارەوە گوتی: “ئەو بەڵگەنامانەی هێزەكانی رووسیا لە ئۆكراینا دۆزیونیەتەوە، دەریدەخەن، كە بەرنامەیەكی بەپەلە هەبووە، بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی ئەو بەڵگەنامانە لەسەر بەرنامەی بایۆلۆجیی سەربازی، لە رێگەی لەناوبردنی ئەو نموونانەی كاریان لەسەر كراوە.