بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی گیانلەدەستدانی پیانۆ مەریوان، لە شەقامی بەردەم زانكۆی سلێمانی بڵاوکردەوە رایگەیاندووە کە بۆ دووبارە نەبوونەوەی رووداوی لەم شێوەیە ھەر پێشنیارێک بکرێ ئامادەن جێبەجێی بکەین. ئەمڕۆ شەمەممە 12/3/2022، بەڕێوەبەرێتی ئەندازەی هاتوچۆی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە: “سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کچە خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی، بۆ خوێندکاران دەخەینە روو کە دوای رووداوەکە لەلایەن ئۆتۆمبێلی هاتوچۆی ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتیمان کچە خوێندکارەکە بەرەو نەخۆشخانە بردرا، بەڵام دیارە تەمەن ڕێگای بە خاتوو پیانۆ نەداو بە داخ و پەژارەوە لە نەخۆشخانە گیانی سپارد”. ئەوەش خراوەتە ڕوو: “پاش سەردانکردنی پێگەی رووداوەکە بۆ گشت لایەک رووندەکەینەوە کە لەو شوێنەدا بۆ سەلامەتی پەڕینەوەی پیادە ترافیک لایتی پەڕینەوە دانراوە و لە مانگی 8 ساڵی 2017 سەرجەم پێداویستییەکانی بۆ فەراهەمکراوە لە هێما و هێلکاری پەڕینەوە و تەنانەت کەمئەندام و نابینایان بێ هیچ گرفتێک دەتوانن بە بەکارهێنانی ترافیکەکە بە سەلامەتی لە شوێنی پەڕینەوەکە بپەڕنەوە”. بەڕێوەبەرێتی ئەندازەی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەشڵێت: “لەو شەقامەدا پێش دانانی ترافیک لایتی پەڕینەوە، لەمپەری پلاستیکی هەبوو بەڵام بەپێی ستانداردە هونەری و ئەندازیارییەکانی هاتوچۆ ناکرێت لە یەک پێگەدا بۆ سەلامەتی پەڕینەوە لەمپەری خاوکردنەوەو ترافیک لایت هەبێت، لەبەرئەوە ئەو لەمپەرە لەهەردوو سایدەکە لابراوە”. لەبارەی رووداوەکەش بەڕێوەبەرێتی ئەندازەی هاتوچۆی سلێمانی چوار تێبینی خۆی لەسەر رووداوەکە بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو.1- ئەو وێنانەی لەم روونکردنەوەیەدا هاوپێچ دەکرێت شوێنی رووداوەکەیە. 2- هەر پێشنیارێک لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیمان بکرێت پەیوەست بەو پرسە، ئامادەین هەموو هەماهەنگی و هاوکارییەک بکەین بە پێی یاساو پێوەرە ئەندازەییەکانی هاتووچۆ فەراهەم بکەین لە پێناو بەرژەوەندی و سەلامەتی گشتی. 3ـ شێوازی پەڕینەوەی ترافیک لایت دەکرێت بگۆڕێت بۆ پردی پەڕینەوە بەشێوەیەک ناوەندی شەقامەکە بەربەست بکرێت ئەمەش کاری سەرۆکایەتی شارەوانی و پارێزگای سلێمانیە بۆ ئەوەی خوێنکاران ناچاربن بەکاری بهێنن. 4ـ خێرایی لەو شەقامەدا 50کم لە کاتژمێرێکدا بەداخەوە هەندێک لە شۆفێرانی کەمتەرخەم پابەندی هێما و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ نابن و هیچ گرنگیەک نادەن بەو ناوچانەی خوێندگا و باخچەی ساوایان و زانکۆکانی تێدان، چونکە ئەگەر بە خێراییەکی کەم ڕوداوی شێلانی نەخوازراو ڕوبدات ئەوە دەرئەنجامەکەی مردن نابێت بە دڵنیاییەوە. رۆژی 10ی ئەم مانگە د. رەزا حەسەن، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند، لە شەقامی بەردەم زانكۆی سلێمانی ئۆتۆمبێل لە خوێندكارێكی داوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، خوێندكارەش ناوی پیانۆ مەریوانە و لە قۆناغی یەكی بەشی بایەلۆجی بووە.
ھاتوچۆی سلێمانی روونکردنەوە لەبارەی گیانلەدەستدانی پیانۆ مەریوان دەدات
