چوار وڵاتی عەرەبی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکەن

چوار وڵاتی عەرەبی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەکەن. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-3-2022 کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە ژمارەیەک مووشەک کرایە ئامانج و زیانی ماددی بە دەوروبەری کونسوڵخانەکە گەیشت. دژەتیرۆری کردستان لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە: هێرشەکە بە 12 مووشەک کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق و لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستە کراون، ئەنجام دراوە. شانشینی هاشمیی ئوردن وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا، هێرشەکەی بە ؛کردەیەکی تیرۆریستیی ترسنۆکانە“ ناو بردووە و رایگەیاندووە: ئامانج لێی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە و ئەو هێرشە دژی هەموو بنەما مرۆڤایەتییەکانە“. کۆماری میسری عەرەبی وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: وڵاتەکەی ”بەتوندترین شێوەی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانەکەی سەر هەولێر دەکات“. وەزارەتی دەرەوەی میسر ئەو هێرشەی بە هێرشێکی ”سووک“ ناوبردووە و رایگەیاندووە: میسر بە تەواوی لەگەڵ هەر بڕیارێکە کە عێراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، بیدات. شانشینی عەرەبستانی سعودیە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: وڵاتەکەی بە هەموو شێوەیەک تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق رەت دەکاتەوە. وەزارەتی دەرەوەی سعودیە هێرشەکەی بە ”دەستدرێژیی ترسنۆکانە“ ناو بردووە و رایگەیاندووە: ”بە توندی سەرکۆنەی دەکەین“. ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ”بە توند“ی سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە و رایگەیاندووە: ئیمارات بەردەوام هەموو جۆرە کردەیەکی توندوتیژی و تیرۆر رەت دەکاتەوە.