شاسوار عەبدلواحید، ئەو بازرگانەی بە پارەی خەڵکی ڕەش و ڕووت دەوڵەمەند بووە و ئێستا خۆی خزاندووەتە ناو کایەی سیاسییەوە و زۆر باسی گەندەڵی دەکات، خۆی یەکێکە لەو کەسانەی لەناو زۆنی سەوز، بە ئارەزووی خۆی گەندەڵی دەکات و ھەرچیی زەویی نایاب و گرانبەھای شاری سلێمانی و بناری گۆیژە ھەیە، بەھاوکاریی چەند بەرپرسێکی باڵای زۆنی سەوز کەوتنە بن دەستی و کردوویەتی بە شوقە و ڤێلا و یەکەی نیشتەجێبوون و لەناو پڕۆژەکانیدا ڤێلای گرانبەھای داوە بە بەرپرسانی حزبی و ئەمنی. شاسوار عەبدولواحید لەناو شاری سلێمانی چەندین موڵکی نایابی ھەیە شاسوار عەبدولواحید، ھەرچەندە خۆی بە بازرگان و سیاسییەکی ئۆپۆزسیۆن دەزانێت، بەڵام بە گوتەی دۆستە نزیکەکانی خۆی و ئەو کەسانەی کە ھاوبەشی پڕۆژەکانی بوون، بە سەرمایەکەی دزی و فرت و فێڵ و گەندەڵی پێکەوە ناوە، بەجۆرێک، دەستی ھەزاران خێزانی ھەژاری بڕیوە، تاوەکوو پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤیلاندی دروست کردووە و دەیان ملیۆن دۆلاری ئەو خەڵکەی خواردووە، تەنانەت لە داھاتی بێشوماری پڕۆژەکەدا، ھیچ قازانجێکی نەداوە بە ھاوبەشەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤیلاند. شاسوار عەبدلواحید جگەلەوەی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤیلاند و کۆمپانیای نالیای ھەیە، لەناو شاری سلێمانی پڕۆژەی نالیاسیتی و کوردسیتی یەک و کوردسیتی دووی ھەیە. پڕۆژەی گوندی ئەڵمانی، دەکەوێتە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموودەوە بە قەدپاڵی بناری گۆیژەوە، بە زەوییە گرنگ و نایابەکانی شاری سلێمانی ناسراوە، خۆی لە سێ پڕۆژەی گرنگ دەبینێتەوە (گوندی ئەڵمانیی یەک، گوندی ئەڵمانیی دوو، گوندی ئەڵمانیی سێ) لەناو ئەو پڕۆژەیەدا ھەزاران شوقە و ڤێلای مۆدێرن دروست کراوە و نرخی ھەر ڤێلایەکی پڕۆژەکانی گوندی ئەڵمانی دەگاتە 300 بۆ 400 ھەزار دۆلار، ھەرەھا شوقەکانی پڕۆژەی گوندی ئەڵمانی بە 200 ھەزار دۆلار دەفرۆشرێت، ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، شاسوار عەبدولواحید، لە کەناڵەکانی خۆیەوە ھەمیشە باسی خەڵکی نەدار و ھەژار دەکات، بەڵام لەناو پڕۆژەکانی گوندی ئەڵمانی و پڕۆژەکانی دیکەی ئەو بازرگانەدا، خەڵکی نەدار و ھەژاری شارەکە سوودمەند نەبووە، تەنیا بەرپرسانی ئەمنی و حزبی و ئەو کەسانە سوودمەند بوون، کە داھاتی شاری سلێمانی قۆرخ دەکەن. شاسوار عەبدلواحید، ئەو سەرمایەدارەی چەندین ساڵە بە ناوی بەرگریکردن لە مافی خەڵکەوە باسی گەندەڵی دەکات و بۆ خۆپیشاندان و کاری توندوتیژی ھانی خەڵک دەدات، بۆ ئەوەی کوڕی خەڵک بکوژرێت، خاوەنی داھاتێکی زۆرە و بە پارەی خەڵکی نەدار و ھەژار خۆی دەوڵەمەند کردووە، لەناو گوندی ئەڵمانی دوو خانووی ھەزار مەتریی ھەیە. نەژاد ئەحمەد، نوێنەری رێگەپێدراوی خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “شاسوار عەبدولواحید زیاتر لە 22 ملیۆن دۆلاری ھەزاران خێزانی خاوەن پشکی خواردووە، ھەروەھا زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قەرزارە، بە گوتەی خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند، شاسوار عەبدولواحید بە پارەی دزی و گەندەڵی و قووتی خەڵکی ھەژار و خاوەن پێداویستیی تایبەت، خۆی دەوڵەمەند کردووە و کۆشکەکەی بڕی 10 ملیۆن دۆلاری تێ چووە، ئێستاش کاتێک باسی گەندەڵی دەکات، خۆی لە ھەموو کەسێک گەندەڵترە و ڕۆژێک دادێت خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند ئەو ئاگرەی ناخیان بەسەر شاسوار عەبدولواحیددا دەبارێنن”.
نوێنەری خاوەن پشکەکان: کۆشکەکەی شاسوار 10 ملیۆن دۆلاری تێچووە کەچی پارەی ئێمە ناداتەوە
