دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی مامۆستایەکی ئایینی به ناوى (ڕزگار كهریم وههاب) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، كە تیایدا جەژنی نەتەوەیی نەورۆز بە جەژنی کافر و ئاگرپەرستەکان ناو دەبات و ئەوانەی ئەو یادەش بکەنەوە بە هاوبەشدانەر دادەنێت، ئهمڕۆ شهممه 19/3/2022، بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی کۆیە لە روونكردنەوەیەكدا رایدەگەیەنێ، هەر ئەمڕۆ داواکاری گشتی بەپێی رێکاری یاسایی، داوای لە دادگای لێکۆڵینەوەی کۆیە کردووە، داوای یاسایی لەسەر بجووڵێنن و “لە ئەنجامدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە”. بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی کۆیە ئاشكراشی كردووە، سەرەڕای گرتنەبەری رێکاری کارگێڕی و دوورخستنەوەی ئەو مامۆستا ئایینییە لە وتارخوێنی، جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، كە “کەسایەتییە ئایینییە دڵسۆزەکان لە رابردوو و ئێستاشدا لە ریزی پێشەوەی نیشتمانپەروەراندا بوونە و بگرە سەرکردایەتیی زۆر شۆڕش و راپەڕینیشیان کردووە”. بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی کۆیە لە روونكردەوەكەیاندا، كە ئەمڕۆ شەممە ١٩ی ٣ی ٢٠٢٢ بڵاویان كردووەتەوە، ئەوەش رادەگەیەنێ، كە “قسە و وتەکانی ئەو مامۆستا ئایینییە تەنیا دەربڕینی ڕای تاکەکەسی خۆیەتی و لەناو ھەموو چین و توێژەکانیش بیر و ئایدیای جیاواز و ناشازیش ھەیە”. لەكۆتایی روونكردنەوەكەیاندا، بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی کۆیە، پەیامی پیرۆزبایی راگەیاندووە و تیایدا هاتووە “جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە ھەموو لایەک پیرۆز دەکەین” و ھیوای پشوو و جەژنێکی خۆشیشی بۆ هەموو لایەك خواستووە.
فهرمانى دهستگیركردن بۆ ئهو مامۆستایه ئایینییه دهرچوو كه نهورۆزى به جهژنى كافر و ئاگرپهرستان وهسف كرد
