هەولێر.. بە ئامادەبوونی دیپلۆماتکارانی بیانی ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە

بە ئامادەبوونی دیپلۆماتکارانی کونسوڵخانەی وڵاتان و بەرپرسان و جەماوەرێکی زۆر، ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 20-3-2022، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری کەسایەتیی سیاسی و کونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان، ئاھەنگێکی جەماوەریی گەورە لە پارکی شانەدەر بەڕێوە دەچێت. لە میانەی ئاهەنگەکەدا، هەروەک ئومێد خۆشناو رایگەیاند، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە. ساڵانە لە هەولێر چەندین چالاکیی هونەری، ئەدەبی و نەتەوەیی لە رۆژی 11 تاوەکوو 21ـی مانگی ئادار لەژێر ناوی (ئازادی و نەورۆز)، ساز دەکرێن کە لە یادی راپەڕینی هەولێر لە دژی رژێمی بەعس لە 11-3-1991ـەوە دەست پێدەکات و بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و جەژنی نەورۆز، کۆتاییان دێت.