لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆ بەشەخۆراك و پڕۆژەیەك هەنگاوێك دەگرێتە بەر و چەند وەزیرێك دەباتە پەرلەمان. لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە کە لیژنەکە بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، کۆبوونەوەی یەكەمی خۆی كردووە و دەستیکردووە بە ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای پشتیوانی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک. ئاماژە بەوەش كراوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختی لەسەر پێویستی تیپەڕاندنی ئەو پڕۆژانە كردەوە کە کێشەکانی ئێستا چارەسەر دەکەن، بەتایبەتی ئەو کێشانەی کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە دروستبوون و زیانیان بە چینی هەژار گەیاندووە. لیژنەی دارایی پەرلەمان دووپاتی كردووەتەوە، بەپێی پڕۆژەی پشتیوانی ئاسایشی خۆراک، حکوومەت هەژمارێکی تایبەت بۆ پشتیوانی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی لەرێگەی خەرجکردنی ئەو زیادەی لەداهاتدا دروستبووە دەكاتەوە. لیژنەکە بریاریداوە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، وەزیرانی دارایی و بازرگانی میوانداری بکات بۆ تاوتوێکردنی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکە و بەشە خۆراکی هاووڵاتییان و هەفتەی داهاتووش ژمارەیەک وەزیری دیکە و پارێزگاری بانکی ناوەندی میوانداری دەكات.
بۆ بەشەخۆراك و ئاسایشی خۆراك هەنگاوێك دەگیرێتە بەر
