دوێنێ پێنجشەممە، سەندیكای پارێزەرانی عێراق روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە توندوتیژیكردن لەگەڵ پارێزەرێكی ئافرەت بڵاو كردەوە، كە لە بەغدا لەلایەن براكانییەوە لەسەر پارە و سامان لەگەڵیدا كراوە. سەندیكایەكە لە راگەیاندراوێكدا، كە (باسنیوز) بەدواداچوونی بۆ كردووە، هاتووە: “ئەوەی سەبارەت بە یەكێ لە هاوڕێیانمان لە پارێزەران دەربارەی توندوتیژی دەگوترێ راست نییە و بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی خێزان لە وەزارەتی ناوخۆ ناڕاستیی ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردووەتەوە”. سەندیكای پارێزەران جەختی كردووەتەوە: “پێویستە لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاریدا ورد بن و تایبەتمەندییەكانیان بپارێزن”. لە هەمان كاتدا هۆشدارییش دەدات لەوەی: “لەداهاتوودا پەرە بەو دەنگۆیانە دەدرێ”. لای خۆیەوە، رێكخراوی مافەكانی ئافرەت لە عێراق، دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند، كە پارێزەرێكی ئافرەت لە بەغدا: “لەسەر پارە و سامان لەلایەن سێ لە برایەكانی بە دڕندانەترین شێوە رووبەڕووی جۆرەكانی توندوتیژی بووەتەوە، وەك قژتاشین و لێدان كە شوێنەواری لەسەر لاشەیدا دیارە”. بەپێی سەرژمێرییەكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆكان بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە ساڵی 2021ەوە نزیكەی پێنج هەزار حاڵەتی توندوتیژی ئافرەتان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە تۆمار كراوە.
سەندیكای پارێزەران لەسەر هەواڵی توندوتیژیكردن لەگەڵ پارێزەرێك لە بەغدا روونكردنەوە دەدات
