کۆمەڵە: ماوەی سێ هەفتەیە پێشمەرگەیەکی پێشوومان لە سلێمانی ون بووە

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران راگەیاندراوێکی سەبارەت بە دیار نەمانی پێشمەرگەیەکی پێشووی کۆمەڵە لە سلێمانی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 5/4/2022 کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “لە ڕێگای ئەو ڕاگەیاندنەوە ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە ماوەی سێ هەفتەیە پێشمەرگەیەکی پێشووی کۆمەڵە بە ناوی (ئەفشین ئەمینی) کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بوو پێشمەرگەی کۆمەڵە نەمابوو و وەک پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەژیا شەوی 17 لەسەر 18ی مانگی ئازاری 2022 لە ماڵ هاتۆتە دەر و نەگەڕاوەتەوە”. ئەوەش خراوەتە روو: “کۆمەڵە دوای ئاگادار بوون لەو هەواڵە بەخێرایی لە رێگای پەیوەندییەکانی کۆمەڵە لە سلێمانییەوە بەدواداچوونی بۆ کردووە و بە بەردەوامی هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کاک ئەفشین و دڵنیا بوون لە سەلامەتی، بەڵام تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان بێ ئاگایی خۆیان لە چارەنووسی ناوبراو ڕاگەیاندووە، ئێستاش کە ماوەیەکی بەسەردا چووە، کۆمەڵە و بنەماڵەکەی رۆژ لەگەڵ رۆژ نیگەرانتر بوون و داوا لە ئاسایش و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کاک ئەفشین ئەمینی و ئێمە و بنەماڵەکەشی لە نیگەرانی دەربێنن”.