هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ رێکخراوی تیرۆریستی داعش رایدەگەیەنێت، لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هێرش کرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-4-2022، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر گوندی سەوز (حەقلی نەوتیی ئەلعومەر) لە پارێزگای دێرەزوور لە سووریا. بەهۆی هێرشەکەوە کە ئاشکرا نەکراوە بە چی کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا، دوو سەربازی ئەمریکی بریندار بوون. پێشتر سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە چەند تەقینەوەیەک لە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتیی ئەلعومەر روویان داوە. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردبوو، هێرشەکە بە مووشەک لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا.
هاوپەیمانان: لە سووریا هێرش کرایە سەر بنکەیەکی ئەمریکا
