وهزارهتى شارهوانى و گهشتوگوزارى حكوومهتى ههرێمى كوردستان ئهمڕۆ ههینى ئاشكراى كرد ئهمساڵ نزیكهى 26 ملیار دینار بۆ كۆكردنهوه و چارهسهرى خۆڵ و خاشاكى سنوورى پارێزگاى سلێمانى تهرخان كراوه. بهپێى ڕاگهیهندراوى وهزارهتى شارهوانى و گهشتوگوزار، لە سەرەتای ساڵی 2022وە، 14 ملیار و 975 ملیۆن دینار بۆ كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراوە، هاوكات حەفت ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بۆ ڕیسایكلین و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی تەرخان و خەرج كراوە، كه كۆى گشتى نزیكەی 26 ملیار دیناره. ڕاگهیهندراوهكه ئاماژهى بهوهش كردووه كه تەرخانكردنی ئەو 26 ملیار دینارە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەندێك دەزگەی میدیایی بەهەڵەداچوون لەوەی دەیانەوێت ڕاستییەكان بشێوێنن كە گوایە پارە بۆ چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی خەرج ناكرێت، لەكاتێكدا ئەو گوژمەیە بەراورد بە شوێنەكانی تری كوردستان زۆر زیاتریشە. بەپێی دوو بەڵگەنامە، لە ڕێكەوتی 16/2/2022 بە نووسراوی ژمارە(2655)ی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، بڕیار لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (14,975,153,340 ) دینار بەمەبەستی پاككردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك بۆ شاری سلێمانی بۆ ماوەی یەك ساڵ دراوە. هەروەها بە گوێرەی نووسراوێكی دیكەی ئەنجوومەنی وەزیران/فەرمانگەی بەدواداچوونی پرۆژەكان بە ژمارەی 2690 لە ڕێكەوتی 16/2/2022 كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی بۆ ساڵی 2022 گوژمەی (7,500,000) حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دۆلار بەشێوەی نەختینە و قۆناغ تەرخان كراوە. كۆی ئەو دوو گوژمانەی لەمساڵدا تەنیا بۆ خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراون نزیكەی 26 ملیار دینارە.