شەڕ لە نێوان تاڵیبان و سوپای ئێران رووی دا

لەسەر سنووری رۆژئاوای ئەفغانستان و رۆژهەڵاتی ئێران، شەڕ لە نێوان چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان و سوپای ئێرانیدا رووی دا. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسێکی هەواڵیی ئەفغانی، شەڕەکە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 10-4-2022 لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، رووی داوە. ئاژانسی (هیرات نیوز)ی ئەفغانی هەواڵەکەی بڵاو کردووەتەوە بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە زیانە ماددی و مرۆییەکان نەکردووە. دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد. تاڵیبان دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی خاکی ئەفغانستان، حکوومەتێکی بۆ وڵاتەکە بە ناوی ئەمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان، پێک هێنا. تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامیی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخا.