دیلان شێخ سەلاح بەرزنجی چالاكوانێكی كوردی كەركووكە، بووەتە باڵوێز و ئەندام لە ڕێكخراوێكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان. دیلان شێخ سەلاح لە لێدوانێكیدا بە (باسنيوز)ی راگەیاند بووەتە ئەندام لە ڕێكخراوی هاوپەیمانی لەپێناو مرۆڤایەتی، كە ڕێكخـراوێكـی نێودەوڵەتـیە لە سوید، دەشڵێ ڕێكخراوەكە ستافی نوێنەرایەتی لە 190 وڵاتی جیهان هەیە، لەژێر ڕۆشنایی حەڤدە ئامانجەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەكسانی و چەسپاندنی مافی مرۆڤ و هێنانەدی ئاشتەوایی تێدەكۆشێت، چالاكییەكانیشی زیاتر گرتنی كۆڕبەند و كۆنفرانسی جیهانـییە. ئەو چالاكوانە كوردە ئاماژە بەوە دەدات لە داهاتوویەكی نزیكدا كار و چالاكییەكانیان لە سێكتەری گەنجان و مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی خول و ڕاهێنان و كۆڕبەند و كۆنفرانسە جیهانییەكان دەست پێدەكەن و خۆشحاڵن كە ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕەخسا لەڕێی ئەم ڕێكخراوە جیهانیە خزمەتی كۆمەڵكەگەی كوردستانی بكەن.