پۆلیسی هەولێر گەنجێکی بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ژمارەیەک کچ دەستگیر کرد

پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتباری راگەیاند کە لەنێویاندا گەنجێک هەیە کە لە رێگەی هاککردنی سناپچاتی کچێکەوە هەڕەشەی لە 9 کچی دیکە کردووە بە بڵاو کردنەوە و وێنە و ڤیدیۆکانیان. موقەدەم هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژى به‌رێوبه‌رایه‌تیى پۆلیسى هه‌ولێر به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: “هێزه‌كانمان له‌ دوو حاڵه‌تى جیا هه‌ڵسان به‌ ده‌ستگیركردنى سێ تۆمه‌تبار كه‌ دووانیان تۆمەتی نانه‌وه‌ى ئاژه‌وه و شێواندنى ئارامیی نێو شاریان لەسەرە و چەکیان بەکارهێناوە و کەسێکیش بریندار بووە”. گوتیشى: “كه‌سێكى دیکەمان ده‌ستگیر كردووه‌ کە سکاڵای لەدژ تۆمار کراوە و هەڵساوە بە هاککردنی سناپچاتی کچێک و پاشان لەو رێگەیەوە وێنە و ڤیدیۆی 9 کچی دیکەی دەستکەوتووە و هەڕەشەی بڵاو کردنەوەی لیکردوون”. ئاماژەی بە ئەوەش دا کە تۆمەتبارەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی دادگا دەکرێن.