ئەمشەوی یەكشەممە بەهۆی هەبوونی هەڕەشەیەكی ئەمنییەوە، ناوچەی كەڕادەی ناوەڕاستی شاری بەغدای پایتەختی فیدراڵی بەتەواوی داخرا. بۆ دووەم شەوە ناوچەی كەڕادەی بەغدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دادەخرێت، ئەمەش بەهۆی بوونی هەڕەشەی ئەمنییەوەیە. میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە ئەمشەویش ناوچەی بەغدا بەتەواوی بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و ماتۆرسیكلەوە داخراوە، ژمارەیەكی زۆری هێزە ئەمنییەكانیشی لێ كۆكراوەتەوە، ئەمەش لە ترسی ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لەلایەن چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە. بەپێی میدیاكانی عێراق، دەزگا ئەمنییەكانی ئەم وڵاتە زانیارییان پێگەیشتووە كە داعش بەنیازی ئەنجامدانی چەند هێرشێكی تیرۆریستییە لە ماوەی مانگی رەمەزاندا.