بافڵ تاڵەبانی هەریەك لە ئارێز عەبدوڵا، حامیدی حاجی غالی، بێستون سابوراوایی، ڕێزان شێخ دلێر و ئازاد تۆفیق سزا دەدات

میدیای یەكێتی بڵاوی كردەوە، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هەریەك لە حامید حاجی غالی، ئارێز عەبدوڵا، بێستون سابوراوایی، ڕێزان شێخ دلێر و ئازاد تۆفیق سزا دراون. بەپێی چەند میدیایەكی سەر بە یەكێتی لە سلێمانی، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، حامید حاجی غالی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبەكەی سزا داوە، بە تۆمەتی ئەوەی بە پێچەوانەی بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، مامەڵەی كردووە. لە بڕیارەكەدا كە بەناوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەرچووە هاتووە “هەڤاڵ حامد حاجی غالی، بەم نووسراوە ئاگادارت دەكەینەوە كە بە پێچوانەی بڕگەی 4ی مادەی 9 لە پەیڕەوی پەسەندكراوی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی ڕەفتارت كردووە، ئەمە دوا ئاگاداركردنەوەت دەبێت، بە پێچەوانەوە بەپێی بڕگەكانی مادەی 12 مامەڵەت لەگەڵ دەكرێت”. بە هەمان شێوە، هەریەك لە ئارێز عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، رێزان شێخ دلێر راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و بێستون سابوراوایی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتییش لەلایەن مەكتەبی سیاسیی حزبەكە و بەبڕیاری بافڵ تاڵەبانی سزا دراون.