بەربژێرە راستڕەوەکەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، فەرەنسا دەکاتە یەکەم وڵات لە قەدەغەکردنی حیجاب. رۆژی چوارشەممە 20-4-2022، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرکۆماری فەرەنسا و بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و مارین لۆپێن، بەربژێری راستڕەوی توندڕەوی هەڵبژاردنەکە رووبەڕووی یەک بوونەوە. مارین لۆپێن لە رووبەڕووبوونەوەکەدا پاڵپشتیی خۆی بۆ گەلی ئۆکراینا لە شەڕەکەیاندا لەگەڵ رووسیا راگەیاندووە و لە هەمان کاتیشدا، دژایەتیی خۆی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوت و گازی رووسیا، راگەیاندووە. مارین لۆپێن بەڵێنی داوە لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، حیجابی ئیسلامی و هەموو هێما ئاینییەکان لە فەرەنسا قەدەغە بکات و رایگەیاندووە: ”فەرەنسا دەکەمە یەکەم وڵاتی جیهان لە قەدەغەکردنی حیجابی ئیسلامی“. ئەو بەربژێرە راستڕەوەی سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاندووە: دەبێ پۆلیس لە کۆڵانەکانی فەرەنسا ببیندرێن کە بە دوای ژنانی حیجابپۆشدا رادەکەن بۆ ئەوەی دەستگیریان بکەن. هەر لە رووبەڕووبوونەوەکەدا، ئیمانوێڵ ماکرۆن رایگەیاندووە: بەرنامەکانی مارین لۆپێن بۆ سەرۆکایەتیی فەرەنسا وادەکات شەڕی ناوخۆیی لە فەرەنسا بەرپا بێت و رێگری لە بەشێکی هاووڵاتیانی فەرەنسا لە هاتنە دەرەوە لە ماڵەکانیان، دەکات. گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە رۆژی 10-4-2022 بەڕێوە چوو کە تێیدا ماکرۆن و لوپێن زۆرترین دەنگیان بەدەست هێنا و بڕیارە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا کە لە رۆژی 24-4-2022 بەڕێوە دەچێت، گەلی فەرەنسا لە نێوان ماکرۆن و لوپێن، کورسیی سەرۆکایەتیی فەرەنسا یەکلایی بکاتەوە.
رکابەرەکەی ماکرۆن: فەرەنسا دەکەمە یەکەم وڵات لە قەدەغەکردنی حیجاب
