سبەی بانکەکان بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی کراوە دەبن ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژی شەممەی هەموو هەفتەیەک لە زۆرینەی فەرمانگەکانی حکوومەت پشووە. بانکی قەڵادزێ، کە سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوورییە، لە ئاگادارییەکدا بڵاوی کردەوە” ڕۆژی شەممە 23 / 4 / 2022 بانکی قەڵادزێ سەرەڕای پشووی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ دابەشکردنی مووچە”. بانکەکە داواش لە خانەنشینانی شارستانی دەکات کە سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان و لە کاتژمێر 8:30 بەیانیەوە بانک کراوە دەبێ. پشتر حازم ئیسماعیل گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “پێشنیازم کردبوو مووچەی خانەنشینان بە چەند ڕۆژێک دابەش بکرێ، بۆ ئەوەی خانەنشیان ئاسانتر مووچەی خۆیان وەربگرن و قەرەباڵغی دروست نەبێ، وەزارەتی دارایی ڕەزامەندیی لەسەر پێشنیازەکە داوە”. ئاماژەی بەوەش دا، مووچەی خانەنشینانی شارستانی لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەدرێ و نێوانیشی دەبێت لەگەڵ مووچەی خانەنشینانی سەربازی. شایانی باسە لە مانگی ڕابردوودا، سێ خانەنشین لە کاتی نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەکەیان، لەبەردەم بانکی تانجەڕۆی سلێمانی گیانیان لەدەست دا.
مووچەخۆران لە زانیارییەک ئاگادار دەکرێنەوە
