دوای سەردانی مەسرور بارزانی پڕۆفیسۆرێکی نێودەوڵەتی ئامادەیی بۆ پاڵپشتیی تەندروستیی كوردستان ڕاگەیاند

دوای پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی سەردانیان بۆ نەخۆشخانەی گایس لە شاری لەندن، پڕۆفیسۆر د. سەلمان ڕەواف، شارەزای نێودەوڵەتی لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO-CC لە ئیمپریاڵ كۆلێژ-لەندەن و سیستەمی تەندروستیی نیشتمانیی NHS لە وڵاتی بەریتانیا، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: ”خۆشحاڵ دەبین و ئامادەین بۆ پاڵپشتیكردنی سیستەمی تەندروستیی كوردستان”. پڕۆفیسۆر د. سەلمان ڕەواف ڕایشیگەیاند: ”سەردانی بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەخۆشخانەی (گایس) لە شاری لەندەن كردنەوەی دەرگایەكی گەورەیە بۆ پەیوەندیی سیستەمی تەندروستی”. ئەو شارەزای نێودەوڵەتییەی سیستەمی تەندروستیی جیهانی جەختی لەوەش کردووە: ”خۆشحاڵ دەبین و ئامادەین بۆ پاڵپشتیكردنی سیستەمی تەندروستیی كوردستان، پێویستمان بە دانانی نەخشەڕێگا هەیە بۆ بەرەوەپێشبردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، ئەم نەخشەڕێگایە ئامڕازێکی نایاب دەبێت بۆ دەستکەوتنی پشتگیریی بەریتانیا و لایەنی دیکە بۆ سیستەمی تەندروستیی کوردستان”. پڕۆفیسۆر د. سەلمان ڕەواف دووپاتی دەکاتەوە: ”خۆم و تیمەكانمان لە سەنتەری هەماهەنگیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO-CC) لە ئیمپریاڵ كۆلێژ-لەندەن و سیستەمی تەندروستیی نیشتمانی NHS زۆر خۆشحاڵ دەبین بۆ كاركردن لەگەڵتان لەسەر ئەم پرۆژەیە”.