ئەمڕۆ یەکشەممە 24-4-2022، گەلی فەرەنسا سەرکۆمارێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن کە بەربژێری سەرکەوتوو ماوەی پێنج ساڵ سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە دەکات. گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا رۆژی 10-4-2022 بەڕێوە چوو و تێیدا ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرکۆماری ئێستا و بەربژێر و مارین لۆپێن، بەربژێری راستڕەوە توندڕەوەکان زۆرترین دەنگیان بەدەست هێنا. بڕیارە کاتژمێر 8ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (کاتژمێر 9 بە کاتی هەولێر)، دەرگای بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری فەرەنسا، بکرێنەوە و کاتژمێر 7ـی ئێوارە لە گوند و شارۆچکەکان بنکەکانی دەنگدان دادەخرێن و لە شارە گەورەکانیش کاتژمێر 8 دادەخرێن. لەو هەڵبژاردنەدا، 48 ملیۆن و 700 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لە گەڕی یەکەمدا، ئیمانوێڵ ماکرۆن 27.8%ـی دەنگەکانی بەدەست هێنا و مارین لوپێن 23.1%ـی دەنگەکانی بەدەست هێنا.
سەرکۆماری نوێی فەرەنسا هەڵدەبژێردرێت
