قەزای ئامێدی یەكێكە لەو قەزا جوانانەی ژینگەیەكی گونجاوی بۆ گەشتیاری هەیە. بڕیارە پرۆژەیەكی زۆر گەورەی گەشتیاری لە سنووری ئەو قەزایە دروست بكرێت، بۆ ئەوەی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی سەردانی بكەن. رێوار محەمەد رەشید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆك، بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: “لە سنووری قەزای ئامێدی پرۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری دروست دەكرێت و دەكەوێتە سنووری ناحیەی دێرەلووك، پرۆژەكە پرۆژەیەكی كەرتی تایبەتە و وەبەرهێنەرێكی ناوچەكە بە ناوی هەرمان سدقى دروستی دەكات”. گوتیشی: “ئەو شوێنەی پرۆژەكەی لێ دروست دەكرێت، زۆر نزیكە لە شوێنی گەشتیاریی ئاڤا شین، كە خەڵكی هەرێمی كوردستان و خەڵكی دەرەوەی هەرێمیش بۆ بینینی ئاڤا شین سەردانی ئامێدی دەكەن “. ئەو گوتەبێژەی گەشتوگوزار ئاشكراشی كرد: “ئەو پرۆژەیە، كە بڕیارە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دروست بكرێت، پێك دێت لە (چەندین مۆتێل، خواردنگە، کافێتریا، پارک، شوێنی تایبەت بە یاریی منداڵان، یارییەكانی ناو ئاو و چەندین یاریی دیكە) و بە گوژمەی دوو ملیار و ١٣٤ ملیۆن دینار دروست دەكرێت”. جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە: “ئێستا كار بۆ ئەو پرۆژەیە دەكرێت و بڕیارە هاوینی ئەمساڵ قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە دروست بكرێت، هەلی كاریش بۆ ژمارەیەك خەڵكی ناوچەكە دابین دەكات، لە هەمان كاتدا شوێنی حەوانەوە بۆ زیاتر لە ٢٥٠ گەشتیار دابین دەكات، بە تەواوبوونیشی، ئاستی گوشتوگوزاری لە قەزای ئامێدی دەباتە قۆناغێكی باشتر”.
بە ڤیدیۆ.. لە ئامێدی پرۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری دروست دەكرێت
