بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە 1/5/2022، هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی کوردستان، هەلال بەرچی، لە تەمەنی 92 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری دهۆک کۆچی دوایی کرد. ههلال عهلى حاجى، ناسراو بە ”هەلال بەرچی”، ساڵی 1930 لەناو خێزانێکی کوردپەروەر و خەباتکاردا لە گوندی ”بەرچی” لە سنووری ناحیەی دێرەلۆک لەدایک بوو و ژیانی خۆی لەو گوندەدا بەڕێ کرد. هەلال بەرچی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەستی بە گوتنی گۆرانیی کوردی کرد و دەیان سترانی لەناو شایی و ئاهەنگ و یادەوەرییەکاندا گوتووە و دەیانی گۆرانییشی لە شەونشینی و لە کاتی دروێنەی دەغڵودان و هاڕینی کونجی بە دەستاڕ گوتووە. بەهۆی ئەوەی خێزانی هەلال بەرچی، خێزانێکی هونەردۆست بوون، لە سەرەتاوە گۆرانیی لە بابی خۆی و لە هاوژینەکەی وەرگرتووە و دواتر هەوڵی داوە گۆرانیی خۆی بڵێت. هەلال بەرچی دەیان سترانی بۆ پێشمەرگەی کوردستان و شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان چڕیوە و لەپێناو پاراستنی کولتوور و گۆرانیی کوردیدا کاری کردووە. ئەم خاتوونە هونەرمەندە لە زۆربەی هەرە زۆری شایی و ئاهەنگەکانی دەڤەری ئامێدیدا بانگهێشت دەکرا، ساڵی 1975 لە کاتی گۆرانیگوتن لەناو شاییەکدا بە گوللەی خۆشی بریندار بووە، بەڵام گۆرانیگوتنەکەی نەپچڕاندووە و هەر بەردەوام بووە. هەلال بەرچی 20 ڕۆژ لەمەوبەر تووشی جەڵتە بوو و لە نەخۆشخانەیەکی شاری دهۆک کەوتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە و سەرەنجام ئەمڕۆ لە تەمەنی 92 ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد و کۆچی بێگەڕانەوەی گرتە بەر.
هەلال بەرچی، سترانبێژی ناسراو، لە دهۆک کۆچی دوایی کرد
