ئەنجوومەنی ڕۆحانی: باشترین بژارە بۆ شنگال جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی هەولێر-بەغدایە

ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان دەڵێت، تاوەکوو ئەو هێز و لایەنە ناشەرعییانەی تێدا بێت، ڕەوشی شنگال هەر بە خراپی دەمێنێتەوە و شنگالییەکان دەبنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ئەو هێزە ناشەرعییانە و دەبێت ئەو هێزانە وەدەربنرێن. کەریم سلێمان، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان، تایبەت بە (باسنیوز) ڕایگەیاند: ”ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدادا دەربارەی شنگال کراوە، باشترین بژارە بوو بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شاری شنگال، چونکە بە هەموو شێوەیەک لە خزمەتی خەڵکی شنگالدا دەبوو”. گوتیشی: ”ئەو ڕێککەوتنە دەکەوێتە خزمەت خەڵکی شارەکەوە، چونکە دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی تێدایە، هەروەها بۆ دیاریکردنی ئیدارەیەکی نوێ و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانە، هەر لەبەر ئەمەش، ئەو لایەنانە نەیانویست خەڵکی شارەکە سوود لەم ڕێککەوتنە ببینن و دژایەتییان کرد”. ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدیان ئاماژەیشی دا: ”هەمووان دەزانن هەر لایەنێک چیای شنگال بگرێت، ئەو ناوچە ستراتیژییە دەگرێت، بەڵام ناکرێت هەموو ئێزدییەکانی شارەکە بکاتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆی و شارەکەش بکاتە شوێنی پاکانەحیساباتی ئیقلیمی، دەبێت ئەو هێزانەی ئێستا لە شنگالن، ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی شارەکە بگرن”.