لە لوبنان دایكێك لە كاتی نوێژكردندا بە دەستی كوڕەكەی كوژرا

 گەنجێك لە ناوچەی (ئەلشیاح) لە دەوروبەری شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، لە كاتێكدا دایكی لە نێو ماڵەوە خەریكی نوێژكردن بووە، دەیداتە بەر چەقۆ و بەم هۆیەشەوە گیان لەدەست دەدات. ئەم تاوانەش رای گشتیی لوبنانی بە تەواوی هەژاندووە. میدیا عەرەبییەكان باس لەوە دەكەن كە پاش ئەوەی كوڕەكە دایكی داوەتە بەر چەقۆ، چەقۆی لە سەر و ملی داوە و بەم هۆیەوە لە ڕێگەی بردنی به‌ره‌و نەخۆشخانەدا، دایكی گیانی لەدەست داوە، پاشانیش گەنجەكە هەڵاتووە، بەڵام لە لایەن گەنجانی ناوچەكەیەوە ڕاوەدوونراوە و دواتر دەستگیریان كردووە و رادەستی پۆلیسیان كردووە. باسیش لەوە دەكرێت كە گەنجەكە هیچ پێشینەیەكی تاوانی نەبووە و تەنانەت بە كەسێكی هێمن و لەسەرەخۆ لە گەڕەكەكەیان ناسراو بووە، بەڵام لەم دواییانە بەدەست هەندێك بارودۆخی دەروونییەوە ناڵاندوویەتی. هەروەك ئاشكراش كراوە كە دایكی كوڕەكە لە ڕۆژانی رابردوو بۆ چارەسەركردنی كوڕەكەی، بردوویەتیە لای پیاوێكی ئایینی، بەڵام بێئەنجام بووە. لە لایەكی دیكەوە تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردۆتەوە كە تێیدا ساتی رادەستكردنی بكوژەكە بە پۆلیس دەردەكەوێت، تێیدا هەندێك وشە دەڵێت كە خەڵكی دەوروبەری تێی نەگەیشتوون، ئەمەش گومانی ئەوەی لا درووست كردوون كە بڵێن گەنجەكە ماددەی هۆشبەری بەكار هێناوە. لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنیی لوبنانی بە كەناڵی (ئەلحوڕە)ی راگەیاندووە، گەنجەكە بە دەست نەخۆشیی دەروونییەوە دەناڵێنێت و تاوەكوو ئێستاش لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە. ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە بكوژەكە نەیزانیوە دایكی كوشتووە.