هاتوچۆی بارهەڵگر لە رێگەی سماقوڵی قەدەغە دەکرێت

کێشەی هاتوچۆ لە ڕێگەی سماقوڵی بە قەدەغەکردنی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان لە ڕۆژانی هەینی چارەسەر دەکرێ و ڕێڕەوێکیش بۆ بارهەڵگرەکان دروست دەکرێ. هاتوچۆی کۆیە بڵاویکردەوە کە بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی رێگەی سماقوڵی بەڕێوەبەری هاتووچۆی کۆیە عەقیدی ماف کاروان مەجید میرخان، ڕۆژی ٢٠٢٢/٥/٩ لەسەردانێکی مەیدانیدا لەگەڵ ئەنجوومەنی گوند و دانیشتووانی سماقوڵی کۆبووەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوو: “ئەوەی کە پەیوەستدارە بە هاتوچۆ بەڵێنی چارەسەری پێدان لەوانە : قەدەغەکردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ڕۆژانی هەینی لە کاتژمێر ٩ بەیانی تاکو ١٢ی شەو و دانانی مەفرەزەی هاتوچۆ و رۆژانە بە بەردەوامی”. هاتوچۆی کۆیە بەڵێنی بە خەڵکی سماقوڵی داوە، ئەوەی پەیوەستدارە بە بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبان داواکەیان بگەیەنێتە ئەوان و تاوەکوو بە زووترین کات گرفتەکە چارەسەر بکرێت. لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ هاتوچۆی کۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوەی کۆیە دەستیانکرد بە جیاکردنەوەی ڕێڕەوی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەکانی ڕێگەی سماقوڵی بۆ ئەم مەبەستە ئاوەدانکردنەوەی کۆیە دەستی بەم پڕۆژەیە کردووە و تاوەکوو بە تەواوی ڕێگەکە قیڕدەکرێت کە درێژیەکەی دوو کیلۆمەترە.