سیروان بارزانی سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ – مهخمووری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان رای گەیاند ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەی میحوەری شەش، ئۆپەراسیۆنێكی دژی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجام دا. سیروان بارزانی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە “بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگەی میحوەری شەش، ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجام دا لە بۆشایی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەشی باکووری چیای قەرەچووغ دژ بە تێرۆریستانی داعش، لە کاتی کێوماڵکردنی سێ ئەشکەوت و تونێل ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی تیرۆریستی داعش ڕووی دا”. سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ – مهخموور ئاماژەشی بەوە داوە كە لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەكەدا، پێشمەرگەیەک بە سووکی بریندار بوو، لە بەرانبەریشدا دوو تیرۆریستی داعش کوژران، ھەروەھا چەند کەلوپەلێكی تیرۆریستان کەوتنە دەست پێشمەرگە.