گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانێکیدا بۆ زانكۆی سۆران سمینارێكی پێشکەش کرد و ڕۆشنایی خستە سەر كارەكانی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی پەیوەندیداری دیکە. م. زێبار عەزیز، لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی زانکۆی سۆران، بە (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاند: “ڕۆژی یەكشەممە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٢، د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، سەردانی زانكۆی سۆرانی كرد و لەلایەن سه‌رۆكی زانكۆ و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی زانكۆوە پێشوازیی لێ كرا و سمینارێكی پێشکەش کرد کە تێیدا ڕۆشنایی خستە سەر كارەكانی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند: “کاری گرنگ و لەپێشینەی كابینەی نۆیەم لە سەره‌تای دەستبەكاربوونییه‌وه چاکسازی بووه. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی زۆر و ڕژد دراوە و هه‌نگاوی باش نراوه، چ لە ڕووی ڕێكخستنه‌وه‌ی مووچەو كارە ئیدارییەكانەوە، چ له ڕووی كەمكردنەوەی خەرجی و ڕۆتیناتەوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هەندێک پڕۆژە هێشتا كاتی زیاتریان دەوێت”. گوتیشی: “لە بەشێكی دیكه‌ی وتەكانیدا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە سه‌رچاوه‌كانی داهاتی حكوومه‌ت كرد و ڕایگەیاند: “حکوومەتی هەرێم مەبەستیەتی سەرچاوەكانی داهات هەمەچەشن بكات و تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێت. بۆ ئەمەبەستەش هەنگاوی كردەیی نراوە تا سوود له سەرچاوەكانی تری داهات وه‌ربگیرێت، وەك كه‌رتی كشتۆكاڵ كە حکوومەتی هەرێم گرنگیی زۆری پێ دەدات. ئەمەش هەم بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، هه‌م وه‌ك سەرچاوەیه‌كی داهات و ڕه‌خساندنی هەلی كار، کەرتەکانی دیکەش بەهەمان شێوە”. لە تەوەرێكی دیکەدا، سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، د. جووتیار عادل ئاماژەی بەوە كرد: “حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتۆگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو پرسانە و باوەڕیشی وایە کە دەستوور دەبێت دادوەر و یەکلاکەرەوەی نێوان هەولێر و بەغدا بێت. بەڵام لەمەدا خواستی بەغدا بۆ چارەسەركردن و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسانە کەمترە. سەرەڕای ئەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆكی حکوومەت چەند جار بۆ ئەم مه‌به‌سته سەردانی بەغدایان كردووە”. سه‌باره‌ت به پرسی نه‌وت و گاز، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا: “لە عێراق دەیانەوێت ئه‌م پرسه بەسیاسی بكەن، ئێمەش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازین بەپێی یاسا و دەستوور ئه‌م پرسه چارەسەر بكرێت”. د. جووتیار عادل باسی لەوه‌ش كرد كه حكومه‌تی عێراق ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ستی هاتووه هه‌وڵی داوە كێشە و گرفت بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دروست بکات، بەتایبەت لە بواری هه‌نارده‌كردن و به‌بازاڕكردنی نه‌وتدا، هه‌روه‌ها هەندێ لە لایه‌نه سیاسییه‌كانیش به شێوه‌یه‌كی نابه‌رپرسانه ئه‌م پرسه نیشتمانییه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی به‌كار ده‌هێنن.