لە سنووری قەزای خورماتوو، تەرمی شوانكارێك دۆزرایەوە و بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو زانیاری دەخاتە ڕوو. عەقید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16ی 5ی 2022، شوانێكارێك لە سنووری قەزای خورماتوو رفێندرا، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمەکەی لە نێوان هەردوو گوندی چەرداغلی و بۆستاملی سەر بە ناحیەی ئامرلی لە سنووری قەزای خورماتوو دۆزرایەوە كە كوژراوەكە دەستی بەسترابووەوە و شوێنەواری فیشەك بە جەستەیەوە هەیە”. گوتیشی: “كوژراوەكە خەڵكی گوندی (چەرداغلی)یە و هێزە ئەمنییەكان لە بارەی كوشتنی ئەو شوانەوە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە”.بەپێی زانیارییەكان كوژراوەكە ناوی (ئەرسەلان حەبیب)ە و دەنگۆی ئەوەش بڵاو بووەتەوە كە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراوە و كوژراوە.