ئەمساڵ بۆ یەكەم جار ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی داقووق كەوتەوە

ئەمساڵ لە سنووری قەزای داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك بۆ یەكەم جار ئاگر لە دەغڵودانی جووتیاران كەوتەوە. لویس فەندی قایمقامی داقووق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند لە بەرامبەر گوندی یەنگیجەی سەر بە داقووق، لە نزیك شەقامی سەرەكیی نێوان داقووق و كەركووك، ئاگر لە دەغڵودانی جووتیاران كەوتەوە و 30 دۆنم گەنم بەر لە دروێنەكردنی سووتا”. گوتیشی “تیمەكانی بەرگریی شارستانی بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و هێشتا هۆكاری كەوتنەوەی ئەو ئاگرە نەزاندراوە”. ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای كەركووك، یەكەم حاڵەتی سووتانی دەغڵودانی جووتیاران، لە سنووری داقووق تۆمار كرا، تاوەكو ئێستا ڕوون نەبووەتەوە، كە ئەو دەغڵودانەی سووتاوە هی جووتیارانی كوردی ناوچەكەیە یاخود نا، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا، عەرەبە هاوردەكان چەندین جار لە سنووری پارێزگای كەركووك ئاگریان لە دەغڵودانی جووتیاران بەردا.