بە وێنە.. لە كاتی هەڵكۆڵینی زەوی لە گوندێكی چۆمان بڕێكی زۆری تەقەمەنی دۆزرایەوە

لەکاتی هەڵکۆڵینی زەوی لە گوندی ڕایات سەر بە قەزای چۆمان، ژمارەیەک پارچە تەقەمەنیی سەردەمی ڕژێم بەدیار کەوتوون و لەلایەن تیمەکانی سەر بە بەڕێوەەرایەتیی کاروباری مینی هەولێر، له شوێنەكە دوور خرانەوە و مەترسییان نەما. زێبار خالید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر، بە (باسنیوز) ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی قەزای چۆمان ئاگادار کراینەوە، بە هەبوونی پاشماوەی جەنگیی نەتەقاوە لە سنووری قەزای چۆمان، دوێنێ ۱۹ی٥ی۲۰۲۲، بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتیی تیمی لەناوبردنی تەقەمەنیی نەتەقاوە و کارمەندی دڵنیایی جۆری بەڕێوەبەرایەتیمان، دەرچوون بۆ کاری هەڵگرتنەوەی ئەو تەقەمەنییانە، کە لە ئەنجامی هەڵکۆڵینی زەویدا لە کۆنە کۆگایەکی ژێر زەویکراودا، ژمارەیەکی زۆری گوللە تۆپ و هاوەن دۆزرابوونەوە”. گوتیشی، لەلایەن تیمی تەقاندنەوە EOD سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، ئەرکەکەیان لە گوندی رایات، سەر بە ناحیەی حاجی ئۆمەران، لە سنووری قەزای چۆمان بە باشی و سەلامەتی ئەنجام دا و رێوشوێن و چارەسەری پێویست بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی ئەو تەقەمەنییانە گیرایە بەر.