کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی، هەناردەی گازی بۆ وڵاتی فینلەندا ڕاگرت و داوا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز، بە دراوی ڕۆبن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەمڕۆ شەممە 21/5/2022 لە کاتژمێر 7ی بەیانییەوە ڕوسیا هەناردەی غازی بۆ فینلەندا ڕاگرتووە، لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارەشەوە، کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی بە کۆمپانیای (Gasum Oy)ی فینلەندی ڕاگەیاندووە کە دەبێت بۆ لەمەوپاش لە بری دۆلار و یۆرۆ بە دراوی ڕۆبڵی ڕووسی پارەی گازەکە بدەن، ئەگەرنا هەناردەی گاز دەست پێ ناکەنەوە و بەتەواوی هەناردەکردنی گاز لە ڕووسیا بۆ فینلەندا ڕادەگرن. لە بارەی ڕاگرتنی گازی ڕووسیا بۆ وڵاتەکەیان، وەزارەتی کار و ئابووریی فینلەندا ڕایگەیاندووە، بەپێی گرێبەستە درێژ مەوداکەی نێوانیان پارەدان بە دراوی یۆرۆ دەبێت. بۆیە کۆمپانیا فینلەندیەکە بڕیاری داوە لە دژی کۆمپانیا ڕوسیەکە پەنا بۆ دادگا بەرێت. بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی گازی ڕووسیا بۆ فینلەندا، زیاتر خوێندنەوەی سیاسی بۆ دەکرێت، بەتایبەت کە ئەو بڕیارە تەنیا دوای 48 کاتژمێر لە بڕیاری بەفەرمی دواکردنی فینلەنداوە بوو، بۆ ئەندامبوون لە هاوپەیمانیی ناتۆ. بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتەوە، ئەمریکا و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەورووپا بڕیاریان دا سزای کەرتی وزەی ڕووسیا بدەن. لە بەرامبەردا ڕووسیا بڕیاری دا فرۆشی غازەکەی لە دراوەکانی دیکەوە بۆ ڕۆبڵ بگۆڕێت.