شاره‌زایەكی كاروباری یاسایی: سه‌رۆكی حكوومه‌ت، بەسیاسیكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی بە هەموو دنیا گەیاند

چاودێرێكی سیاسی و شاره‌زا له‌ كاروباری یاسایی، باس له‌ گرنگیی سه‌ردانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌كات بۆ داڤۆس، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ روو كه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌ت په‌یامی كوردستانی گه‌یانده‌ جیهان و سیاسیبوونی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی بە هەموو دنیا گەیاند ئاورینگ شێخ عه‌لی، بۆ (باسنیوز) گوتی: ”كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خودی مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ دوو ئاراسته‌ كار له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنی كوردستان ده‌كه‌ن، ئاراسته‌یه‌كیان ناوخۆییه‌ و ئه‌وی دیكه‌ش نێوده‌وڵه‌تییه‌، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و زیادكردنی داهات و په‌ره‌پێدانی و زیادكردنی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزای و ئاساییكردنەوەی ململانێكان.“ گوتیشی: ”لە ئاستی دەرەوەشدا و سه‌باره‌ت بە كۆڕبه‌ندی داڤۆس، كه‌ ساڵانه‌ سه‌ركرده‌ كاریگه‌ره‌كانی جیهان بانگهێشتی ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ ده‌كرێن، بۆ كوردستانیش ده‌رگایه‌كه، بۆ گەیاندنی دیدگا و بیروبۆچوونەكانی خۆی به‌ وڵاتانی جیهان و هه‌رێمایه‌تی، ئەو كۆڕبەندە گه‌وره‌ترین كۆڕبه‌ندی ئابوورییه‌ له‌ جیهان كە تایبه‌ته‌ به‌ ئاسایشی خۆراك و هه‌ندێك گرفت كه‌ جیهانی گرتووه‌ته‌وه،‌ به‌تایبه‌ت شەڕی ئۆكراینا و رووسیا، كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان لە جیهاندا ده‌ركه‌وتووه‌، هه‌روه‌ها قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌ جیهانییه‌كان، لەلایەن سه‌ركرده‌كانی جیهانەوە.“ ئەو شاره‌زایەی كاروباری یاسایی، ئه‌وه‌شی خسته‌ روو: ”ئه‌وه‌ی له‌ كۆنگره‌ی داڤۆس تێبینی كرا، سه‌رۆكی حكوومه‌ت زۆر هه‌وڵی دا هاوكێشه‌كانی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی جیهاندا وێنا بكرێن، هه‌م له‌ رووی ئابووری و سیاسی و چۆنیه‌تیی په‌یوه‌ندیكردن به‌ وڵاتانه‌وه‌ و راكێشانی سه‌رمایه‌گوزاری بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌نده‌ی تێبینی كرا، سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ كۆڕبەندی داڤۆس و لە گەشتەكانی تریشیدا، تۆڕێكی په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسیی بۆ كوردستان دروست كرد، جیا له‌وه‌ش سه‌رۆكی حكوومه‌ت راسته‌وخۆ په‌یامی كوردستانی گه‌یانده‌ سه‌رۆكی وڵاتانی جیهان و ئه‌وانه‌ی بڕیاربه‌ده‌ستن، تاوەكوو واقعی كوردستان وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نرێت، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌بێت كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی فشار له‌سه‌ر عێراق بكات، بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان پێشێل نه‌كات.“ ئاورینگ شێخ عه‌لی گوتیشی: ”سه‌رۆكی حكوومه‌ت دیدگای بۆ عێراق زۆر بەڕوونی خسته‌ روو، كه‌ عێراق ئێستا سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی نییه‌ و باسی ئه‌وه‌شی كرد، كه‌ دۆسته‌كانی عێراق و كوردستان پێیان گوتوون كه‌ با عێراق خۆی بڕیار بدات، ئێستا عێراق خۆی بڕیاری نه‌داوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌ستوور هه‌یه‌، كه‌چی مافه‌كان جێبه‌جێ نه‌كراون، تەنانەت 55 ماده‌ی یاسایی و ده‌ستووری پیشیڵ كراون، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ بوو له‌ داڤۆس، سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌ جیهانی گوت، كه‌ بڕیاره‌كانی به‌غدا، به ‌تایبه‌ت بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بڕیاری سیاسین، چونكه‌ ده‌ستی ده‌ره‌وه‌یان له‌پشته‌ و دادگای فیدراڵی بووه‌ته‌ دامه‌زاروه‌یه‌كی سیاسی نه‌ك یاسایی.“ ئەو چاودێرە راشیگه‌یاند: ”ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ بوو، سه‌رۆك وه‌زیران راسته‌وخۆ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان له‌ به‌غدا پێشێل كراون،‌ له‌كاتێكدا ئێمه‌ وه‌ك كورد رێز له‌ ده‌ستوور ده‌گرین و پێیەوە پابه‌ندین، به‌ڵام رێگاش ناده‌ین كه‌ به‌ بڕیاری سیاسی ده‌ست به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی نه‌وتی كوردستاندا بگیرێت، ئه‌مه‌ په‌یامی سه‌رۆك وه‌زیران بوو بۆ جیهان، كە زۆر به‌ڕاشكاوانه‌ به‌ جیهانی گوت، كه‌ كوردستان چۆن لەلایەن بەغداوە گیرۆده‌ی بڕیاری سیاسی بووه‌ و مافه‌كانی پێشێل كراون.“ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، عێراق هه‌تا له‌ هه‌ژموونی ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ كار بكات و سزاكانی به‌سه‌ر كوردستاندا بسه‌پێنێت، ناوچه‌كه‌ هه‌ر به‌ نائارامی ده‌مێنێته‌وه،‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئەوەیە، عێراق سه‌روه‌ریی خۆی بپارێزێت.