بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە كەركووك ڕێگری لە پەیامنێری (باسنیوز) دەكات

ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە كەركووك ڕێگری لە ئەحمەد عەبدوڵا پەیامنێری (باسنیوز) كردووە، ئەركی ڕۆژنامەنووسی خۆی جێبەجێ بكات. لەمبارەیەوە كۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنووسی لە عێراق بڵاوی كردەوە كە ئەحمەد عەبدوڵا سەرەڕای ئەوەی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی كەركووك، مۆڵەتی چوونە ناو نەخۆشخانەی وەرگرتبوو، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەوە ڕێگری لێ كراوە بچێتە نەخۆشخانەكەوە. كۆمەڵەكە ئەم رەفتارەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەی سەركۆنە كردووە. جێی باسە ئەحمەد عەبدوڵا بە نیاز بووە دۆخی تەندروستیی ئافرەتێكی نەخۆش لە نەخۆشخانەكە بەسەربكاتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن كەسوكاریەوە پشتگوێ خرابوو. لای خۆیەوە پەیامنێری (باسنیوز) لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی “لەکاتی بەدواداچوونم بۆ چیرۆکی ژنێک لە نەخۆشخانەی ئازادیی شاری کەرکووک، کە بەنووسراوی فەرمی لەلایەن فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، ڕێگەم پێدرابوو، بەڵام لەلایەن دکتۆر بەڵێن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی، بەهۆی ئەوەی بابەتەکەمان بۆ دەزگای باسنیوز بوو، ڕێگری لێ کرا و لە نەخۆشخانەکە دەرکراین”. دەشڵێ دکتۆر بەڵێن بە پزیشکی ئێشکگری نەخۆشخانەکەی ڕاگەیاندووە کە دەزگای باسنیوز نابێت لە ناو نەخۆشخانەی ئازادی کار بکات.