ئەمڕۆ سێشەممە دادگای هێلسینكی سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر گەنجێكی كورددا سەپاند بەناوی میلان جاف، كە لە بیستەكانی تەمەنیدایە و چەند تاوانێكی دزی و ڕێگری بەسەردا ساخ بووەتەوە. ئەمڕۆ دادگای هێلسینكی بڕیاری دا میلان جاف بۆ ماوەی 10 ساڵ و مەهدی مەحموودی هاوڕێی كە بەرەگەز سۆماڵیە بۆ ماوەی نۆ ساڵ بخرێنە زیندانەوە، لە بەرانبەر ئەو تاوانانەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە فینلاند ئەنجامیان داوە. میلان جاف چەند ساڵێك پێش ئێستا لە پەخشێكی راستەوخۆی تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرامدا، لە مۆڵی “ستۆكمان” كە مۆڵێكی بەناوبانگی ئەسكەندەناڤیایە، قەمسەلەیەكی گرانبەهای دزی و بینەرێكی زۆری لە فینلاند پەیدا كرد، دوای ئەوە بەردەوامی دا بە دزیكردن و گرووپێكی چەتەگەریشی لە هێلسینكی دروست كردبوو. بەپێی زانیارییەكانی دادگای هێلسینكی، هەردوو تاوانبارەكە چەندین تاوانیان لێ ئاشكرا بووە، لەوانەش دزیكردن و هەڕەشەی كوشتنی چەند كەسێك و دروستكردنی گرووپی چەتەگەری و ڕفاندنی خەڵك. لەبارەی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای هێلسینكییەوە، پەرلەمانتارێكی فینلاند كە بەرەگەز عەرەبی عێراقە بەناوی حوسێن تائی، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی “فەیسبووك” نووسیویەتی گەنجانی لە شێوەی میلان و مەهدی، كەسوكاریان لەپێناو دۆزینەوەی پەنایەكی ئارام ڕوویان لە ئەورووپا كردووە، كەچی ئەم ڕۆڵانەیان بوونەتە هۆی تێكدانی ئارامیی وڵاتێكی وەكو فینلاند.