سێ کەس بە تۆمەتى گەڕان بەدواى شوێنەواردا دەستگیر کران

 پۆلیسی‌ سەید سادق لە پارێزگاى سلێمانى سێ تۆمه‌تباریان ده‌ستگیر کرد، کە خەریکی گەڕان و پشکنین بوون بۆ دۆزینەوە و بردنی شوێنەوار. ئه‌مڕۆ هه‌ینی 3/6/2022، پۆلیسى سلێمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکراى کرد: دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە هێزەکانی پۆلیس لەسەر سێ تۆمەتبار کە لە گوندی سەراوی سەر بە قەزای سەید سادق خەریکی گەڕان و پشکنین بوون بە مەبەستی دۆزینەوەی شوێنەوار، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەید سادق و بنکەی پۆلیسی حەسار، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەست پێکرد، سەرئەنجام توانییان هەر سێ تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، وێڕاى دستگیرکردنى سێ تۆمەتبارەکە، دەستیش گیرا بەسەر ئوتۆمبێلک و ئەو ئامێر و کەرەستە و کەلوپەلانەدا، کە بە تۆمەتباران بووە بۆ کارەکەیان.