جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، کە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی کەرکووکی ئاگادار کردووەتەوە، تا چاودێریی ئەو ناوچانە بکەن، کە کێشە لەسەرن و مەترسیی سووتاندنی دەغڵودانیان لەسەرە. راشدەگەیەنێ، كە نووسراوێکی تێروتەسەلی لەسەر سووتانی دەغڵودان ئامادە کردووە و هەفتەی داهاتوو بڵاوی دەکاتەوە. لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنی و تەعریب و هاتنی رێژەیەکی زۆر لە عەرەبی هاوردە بۆ کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، ساڵانە دەغڵودانی هاونیشتمانییان دەسووتێنرێت. لەوبارەوە، د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “چەند جۆر لە سووتاندن هەیە، لەوانە سووتاندن لە نەزانین و خەمساردییەوە، وەک فڕێدانی جگەرە لە ناوچەیەک، کە کێشەی تێدا نییە، لە هەندێک شوێنی دیکە زۆر جار گومان دەکرێت، کە خەڵکی هاوردە بۆ فشار خستنە سەر کوردەکان، بۆ ئەوەی ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، دەغڵودانیان دەسووتێنن”. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، کە فەرماندەی ئۆپراسیۆنی کەرکووکی لە مەترسیی ئاگربەردان لە دەغڵی جووتیاران لە ناوچەکە ئاگادار کردووەتەوە و پێی راگەیاندووە، کە چاودێریی ناوچە کێشە لەسەرەکان بکەن و نەهێڵن خەڵکی بێگانە بچنە ئەو ناوچانە. پێشنیاریش دەکات کە: “خەڵک لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی وەک پەڵکانە بەزوویی و لە کەمترین ماوەدا دەغڵەکانیان بدروونەوە”. د. شاخەوان عەبدوڵا بە پێویستی دەزانێت، بەشێک لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە ناوچەکانی وەک داقووق، کە زیاتر کشتوکاڵیان تێدا دەکرێت، دابنرێن. هاوکات باس لەوەش دەکات، لە ئەگەری روودانی ئاگرکەوتنەوەدا، لێژنەیەکی قەرەبوو، کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا هەیە، کە لە رێگەی ئەمینداریەتیی گشتی کار دەکەن، ساڵانە لە بودجەی تایبەتدا بڕە پارەیەک بۆ زیانلێکەوتووانی ئاگرکەوتنەوەکان و لافاو دادەنرێت، دەشڵێت: “ئەگەر كار بگاتە حاڵەتی قەرەبووکردنەوە، ئێمە هەموو کارئاسانییەک بۆ قەرەبووکردنەوەیان دەکەین”. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کێشەی زەوی و زاری جووتیارانی کورد لە گوندەکانی پەڵکانە و ناوچە كوردستانییەكان و چارەسەریی گرفتەکانیان لەگەڵ عەرەبە هاوردەکان، ئاماژە بەوە دەدات، كە نووسراوێکی تێروتەسەلی لەسەر ئەو بابەتە ئامادە کردووە و هەفتەی داهاتوو بڵاوی دەکاتەوە.